دەروازەی سنووریی کاپیکۆی لە پارێزگای وانی تورکیا بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە نێوان ئێران و تورکیا، هاتووچۆی دوولایەنەی بارهەڵگرەکانی دەست پێ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی تین نیوز، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان (Van TSO) ڕایگەیاند کە دوای دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە دەروازەی کاپیکۆی لە شارۆچکەی سەرا لە دۆخی یەکلایەنەوە بۆ دوولایەنە گۆڕدراوە. نەجدەت تەکوا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی وان، پشتڕاستی کردەوە کە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕێگەی بە بارهەڵگرە تورکییەکان داوە لەو دەروازەیەوە بچنە ناو ئێران. پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی پەرەپێدانی بازرگانیی سنووری و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.
